|
|
درێژه‌ی بابه‌ت |
مامۆستا عوزێر : له وڵاتى ئێمه‌دا دادگا ناتوانێت بێلایه‌نیى خۆى بپارێزێت و، مه‌كته‌ب سیاسیی دوو حیزبه باڵاده‌ســته‌كه ده‌ســه‌ڵاتدارترن
مامۆستا عوزێر حافز نه‌زیر ـ پێشنوێژ و وتاربێژ له مزگه‌وتى حاجى عوسمانى عه‌لاف) كه له رابردوودا به وتاره‌كانى توانی پێگه‌ی خۆى له كوردستان به گشتى و شارى سلێمانى به‌تایبه‌تى به‌هێز بكات و له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش وه‌ك بانگخوازێكى كورد بناسرێت، پاش ئه‌وه‌ى ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به برِیارێكى ته‌له‌فۆنى له كاره‌كه‌ى راگیرا و تا ئێستا نه‌گه‌رِێنراوه‌ته‌وه شوێنى خۆی، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج و تێرِوانینه، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا به فه‌رمانێكى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان برِیارى گه‌رِانه‌وه‌ى مامۆستاى ناوبراو ده‌رچوو بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ى، به‌ڵام به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌وقافی ئیداره‌ى سلێمانى برِیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌ت جێبه‌جێ ناكات!! وه‌ك هه‌مووان ده‌زانین برِیارێكى له‌و جۆره، ته‌نها له مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوو حیزبی باڵاده‌سته‌وه ده‌رده‌چێت، نه‌ك له داموده‌زگاكانى حكومه‌ته‌وه، هاوكات مامۆستا ئه‌مه به كارێكی نه‌شیاو و نادادپه‌روه‌رانه وه‌سف ده‌كات، وه‌ك باسی لێوه ده‌كات.. گرفتى ئه‌و ته‌نها له‌لایه‌ن حیزبه‌وه‌یه، نه‌ك حكومه‌ت!
÷: وه‌ك ئاشكرایه به‌رِێزتان ماوه‌ى ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر و به برِیارێكى ته‌له‌فۆنى له‌سه‌ر كاره‌كه‌تان دوور خرانه‌وه، هۆكارى برِیارێكى له‌و شێوه‌یه بۆچى ده‌گه‌رِێنیته‌وه؟
+ دواى (35) ساڵ خزمه‌ت له مزگه‌وت و میحراب و منبه‌ردا و چه‌ندین ساڵ ده‌ردیسه‌ری و گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دانم له سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس و سه‌رده‌مى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان و شار به‌شار و گوند به‌گوند و مزگه‌وت به‌مزگه‌وت، سه‌ره‌رِاى برسێتى و خۆرِاگرتن له‌سه‌ر چه‌ندین ده‌ربه‌ده‌رى له‌پێناو میلله‌ته‌كه‌مدا و كاروانى زانست و په‌روه‌رده‌ى ره‌سه‌نى كورده‌وارى و زیندووكردنه‌وه‌ى مێژووی زانایانى پێش خۆمان و پاراستنى كه‌لتور و ئه‌و میراتییه پرِ به‌ها و به‌نرخه‌ى كه هه‌ڵكه‌وتوانى گه‌لی كوردى موسڵمان به ئه‌مانه‌ته‌وه بۆ ئێمه‌یان به‌جێ هێشتبوو، توانیمان به شوێن رێگاى ئه‌وه‌ندا بچینه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه.. دواى به‌ده‌ستهێنانى برِوانامه‌ى ئاماده‌یى په‌یمانگاى ئیسلامى به‌كالۆریۆس و دوو ماسته‌رنامه، تازه به‌تازه به شێوه‌یه‌كى نایاسایى و دوورخستنه‌وه و له‌كار ترازانم، به‌بێ هیچ هۆیه‌كى یاسایى و به په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى له (23/10/2008) پێم راگه‌یه‌نرا له كاری وتاربێژى راگیراوى! پاش هه‌فته‌یه‌كیش له رێی ئاسایشى به‌ختیارییه‌وه به هه‌مان شێوه له رێی په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنییه‌وه ئاگادار كرامه‌وه و پێشنوێژیشم لێ قه‌ده‌غه كرا!
÷: مامۆستا وه‌ك باس ده‌كرێت برِیارى راگرتنى به‌رِێزتان بۆ وتارێك ده‌گه‌رِێته‌وه كه باسی یاسای بارى كه‌سێتیتان كردبوو؟
+ لاى هه‌مووان ئاشكرایه له ساڵی (2008)دا پرِۆژه‌یاساى باری كه‌سێتى له كوردستان تاوتوێى زۆرى له‌سه‌ر كرا به‌مه‌به‌ستى قه‌ده‌غه‌كردن و سنوردانانى هه‌ندێك بابه‌تى تایبه‌ت به ئافره‌تانه‌وه، كه نه‌ده‌گونجا له‌گه‌ڵ ناوه‌رِۆك و بنه‌ماكانى شه‌ریعه‌تى ئیسلامدا، جگه له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ بارودۆخ و نه‌ریت و ره‌وشتى كورده‌واریشدا نامۆ بوو، پاشان ئه‌م پرِۆژه‌یه خرایه به‌رده‌م په‌رله‌مانى كوردستان، وا برِیار بوو كه تاوتوێ بكرێت و بسه‌پێنرێت به‌سه‌ر میلله‌تى كوردى موسڵمانى خاوه‌ن ره‌وشتدا، بۆیه ئێمه‌ش وه‌ك زانایانى ئاینى، كه خۆمان به میراتگرانى پێغه‌مبه‌ران ده‌زانین، هه‌ر برِیار و یاسایه‌ك دژى ئاین و مێژوو و كه‌له‌پورى میلله‌ته موسڵمانه‌كه‌مان بێت، به ئه‌ركى ئاینى و نه‌ته‌وه‌یى خۆمانى ده‌زانین كه روونكردنه‌وه بده‌ین و جه‌ماوه‌رى لێ ئاگادار بكه‌ینه‌وه، بۆیه برِیارماندا كه له وتارى هه‌ینى پێش دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌ماندا ئه‌م باس و خواسه روون بكه‌ینه‌وه و، به شێوه‌یه‌كى سه‌رانسه‌رى داوامان له په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران كرد كه نوێنه‌رى جه‌ماوه‌رن، ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و پرِۆژه‌یه نه‌ده‌ن، چونكه راسته‌وخۆ دژایه‌تیكردنى ئاینى ئیسلامه و دوژمنانی میلله‌تیشمان چاوه‌رِێى هه‌ڵوێستى له‌و جۆره و هه‌نگاوى له‌و بابه‌ته‌ن بۆ زیاتر ناشیرینكردنى گه‌له سته‌مدیده‌كه‌مان، منیش وه‌ك هه‌موو ئه‌و وتاربێژانه وتارى ئه‌و رۆژی هه‌ینییه‌م ته‌رخان كرد به‌و بابه‌ته، له پاش ئه‌و وتاره، ئیتر ئه‌وه روویدا كه تا ئێستا هه‌ر به‌رده‌وامه و له كاره‌كه‌م راگیرام.
÷: مامۆستا به‌رِێزتان ئه‌ندامن له یه‌كێتى زانایاندا؟
+ به‌ڵێ، من ئه‌ندامى یه‌كێتى زانایانى كوردستان‌م، جگه له‌وه‌ش ئه‌ندامى یه‌كێتى زانایانى ئاینى جیهانیشم.
÷: ئه‌ى مامۆستا هه‌ڵوێستی ئه‌وان له راگرتنى به‌رِێزتان چۆن بوو؟
+ به پێویستى ده‌زانم سوپاسێكى به‌رِێز دكتۆر محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د گه‌زنه‌یى بكه‌م وه‌ك سه‌رۆكى زانایانى ده‌ڤه‌رى سلێمانى، نامه‌یه‌كى تایبه‌تى ئاراسته‌ى به‌رِێز وه‌زیرى ئه‌وقاف كرد، كه داواى گه‌رِانه‌وه‌مى بۆ سه‌ر كاره‌كه‌م ده‌كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه گوێى بۆ نه‌گیرا.
÷: مامۆستا پێت وایه ده‌ستى كێ له‌پشت راگرتنى كاره‌كه‌ى تۆوه‌یه؟
+ به‌ش به‌حاڵى خۆم وا ده‌زانم ده‌ستى هه‌ندێك، ناڵێم زاناى ئاینى، چونكه به‌رِاستى زاناى راستى نین، ته‌نها مێزه‌ریان به‌سه‌ره‌وه‌یه، كه تا دوێنێ بوو سیخورِى و خیانه‌تیان به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌وه و خاكیان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مرِۆ هه‌ر ئه‌وانن كه گوێیان بۆ ده‌گیرێت و باڵاده‌ستترن، ده‌ستى ئه‌وانى تێدایه، ئه‌مه‌ش خاڵێكى ره‌شه به مێژووی ئێستا و داهاتووى ده‌سه‌ڵاتى كوردستانه‌وه، ئه‌وه‌ى جێی ئه‌سه‌فیشه له پاش ماوه‌یه‌ك، به‌رِێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى وه‌زاره‌ت و به‌رِێوه‌به‌رى ئه‌وقافی سلێمانى و هه‌روه‌ها خودى جه‌نابی وه‌زیریش ئه‌وه‌یان راگه‌یاند كه وتاربێژ هه‌بووه له من زیاتر و توندتر ئه‌و بابه‌ته‌ى له وتاره‌كه‌یدا باس كردووه، به‌ڵام بۆ ته‌نها من لابرام؟! ئه‌مه‌ش پرسیارێكه و وه‌ڵامه‌كه‌ى دیاره.
÷: مامۆستا ئایا وه‌زیرى ئه‌وقاف وه‌ك لێپرسراوى یه‌كه‌م هه‌ڵوێستى له‌م كێشه‌یه‌ى به‌رِێزتا چۆن بوو؟
+ سه‌ره‌تا من سوپاسی به‌رِێزیان ده‌كه‌م كه ئاگادارم كرد له كێشه‌كه داواى (سی دی)ى وتاره‌كه‌ى كرد و برِیارى ئه‌وه‌یدا كه گوێی لێ بگرن و هه‌ڵوێستى وه‌زاره‌ت رابگه‌یه‌نێت و ئاگاداریشی كردم بۆ ماوه‌یه‌كى كاتییه و ده‌گه‌رِێیته‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ى خۆت، به‌ڵام زیاتر له ساڵێكه تا ئێستا نه‌گه‌رِاومه‌ته‌وه.
÷: نه‌گه‌رِانه‌وه‌ى به‌رِێزتان بۆ سه‌ر كاره‌كه‌تان، بۆچى ده‌گێرِیته‌وه؟
+ به برِواى من هۆكاره‌كان زۆرن، یه‌كه‌م: نه‌بوونى یاسا و رێسایه‌ك له ده‌زگا حكومییه‌كاندا كه كارى له‌سه‌ر بكه‌ن. دووه‌م: كاریگه‌رى حیزبی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر برِیاره حكومییه‌كان. سێیه‌م: برِیاردان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به گوێره‌ى ویست (مه‌زاج)ى كاربه‌ده‌ستانى ئه‌و فه‌رمانگه‌یه. چواره‌م: له هه‌موویان دیارتر و ئاشكراتر ئه‌وه‌یه كه كاربه‌ده‌ستان و فه‌رمانبه‌رانى داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت ئازاد نین له برِیارداندا، به‌ڵكو لایه‌نى حیزبی باڵاده‌ستتره به‌سه‌ریاندا. پێنجه‌م: وا ده‌زانم كاریگه‌رى راسته‌وخۆى وتاره‌كانیشم، به‌تایبه‌ت له‌ناو توێژى لاوان‌دا، ئه‌مه‌ش هۆكارێك بێت بۆ نه‌گه‌رِانه‌وه‌ى من بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ى خۆم.
÷: وا بڵاو بووه‌ته‌وه كه به‌رِێزتان گه‌رِاونه‌ته‌وه سه‌ر كارى خۆتان، ئایا ئه‌م هه‌واڵه تا چه‌ند راسته؟
+ له چه‌ندین په‌یوه‌ندى و دانیشتن‌دا له‌گه‌ڵ به‌رِێز وه‌زیرى ئه‌وقافدا، ئه‌وه‌ى دووپات كردووه‌ته‌وه كه ده‌گه‌رِێیته‌وه شوێنى كارى خۆت، له دوا چاوپێكه‌وتنمدا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ئه‌وقاف، ئه‌وه‌ى پێ راگه‌یاندم كه برِیاره‌كه‌ی ده‌ركردووه و له‌گه‌ڵ به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌وقافی سلێمانیدا په‌یوه‌ندى بكه‌م، منیش په‌یوه‌ندیم كرد به هامان فه‌رمانگه‌وه، ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دامه‌وه به نه‌گه‌یشتنى هیچ برِیارێكى له‌و شێوه‌یه، پاش چه‌ندین په‌یوه‌ندی و هه‌وڵدان، نووسراوێكم پێ گه‌یشت كه له (10/9/2009) به ژماره (2914) له به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌وقافی سلێمانییه‌وه ده‌رچووبوو، كه ئاماژه ده‌كات به فه‌رمانى وه‌زارى ژماره (4188) له (8/9/2009)، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێی سه‌رنجه ئه‌م برِیاره خرایه ژێر دۆسیه‌وه و دواى (25) رۆژ به من گه‌یشت، كه تیایدا برِیارى گه‌رِانه‌وه‌م دراوه بۆ مزگه‌وتى (موفتى) له شه‌هیدانى زه‌رگه‌ته به پێشنوێژ و وتاربێژى دووه‌م، كه ئه‌و مزگه‌وته خۆى سێ مامۆستاى ئاینى تێدایه! لێره‌وه پرسیارێك دێته پێشه‌وه، ئایا به چ فه‌رمانێك و به چ ژماره و به‌روارێك من له‌سه‌ر كار لابراوم؟ بۆ ئاماژه‌ی پێ نه‌كراوه؟! له رووی یاساییشه‌وه ئه‌مه ناگونجێت، به‌ڵام دیاره له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌دا برِیارى حیزبی له‌سه‌رووى یاساوه‌یه. دووباره ده‌پرسم له هه‌موو به‌رِێوه‌به‌ر و یاساناسه‌كان، ئایا كه‌سێك (35) ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت له فه‌رمانگه‌یه‌كدا و برِوانامه‌ى ماسته‌رى هه‌بێت، گونجاو و یاساییه بكرێت به پێشنوێژ و وتاربێژى دووه‌م له مزگه‌وتێكدا، كه سێ پێشنوێژ و وتاربێژى تێدابێت؟!
÷: مامۆستا دواى گه‌یشتنى نووسراوه‌كه هه‌ڵوێستى به‌رِێزت چۆن بوو؟
+ له راستیدا به بۆچوونى خۆم چاوه‌رِوانى ئه‌وه‌م ده‌كرد برِیاره‌كه‌ى به‌رِێز وه‌زیرى ئه‌وقاف جێبه‌جێ كرابێت و به‌م نووسراوه منى لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه، به‌ڵام جێگه‌ى نیگه‌رانى بوو بۆ جارێكى تریش پێشێلی یاساییم به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدرا، ئایا له رووی یاساییه‌وه و له رووى ئه‌خلاقیه‌تى په‌یوه‌ندى و هه‌ڵوێسته‌وه ده‌گونجێت برِیارى وه‌زیرى ئه‌وقاف جێبه‌جێ نه‌كرێت و به ویستى كه‌سان و لایه‌نى ده‌ره‌وه‌ى داموده‌زگای حكومى برِیاره‌كه پێشێل بكرێت و بگۆرِێت؟ سه‌یر بوو به‌لامه‌وه، وه‌ك له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م پێ كرد دواى (35) ساڵ خزمه‌ت، تازه به‌تازه ده‌مكه‌نه‌وه به پێشنوێژ و وتارێژى دووه‌م له مزگه‌وتێكدا كه سێ مامۆستاى تێدایه! بۆیه په‌یوه‌ندیم به جه‌نابی وه‌زیره‌وه كرد و ئه‌ویش نیگه‌رانى خۆی له وه‌ها نووسراوێك ده‌ربرِى و راشكاوانه رایگه‌یاند كه برِیاره‌كه‌ى به‌و جۆره ده‌رنه‌كردووه، له ئیداره‌ى سلێمانى ده‌ستكارى كراوه، برِیارى دا لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بكات، له هه‌مان كاتدا په‌یوه‌ندیم به به‌رِێوه‌به‌رى ئه‌وقافی ئیداره‌ى سلێمانییه‌وه كرد، ئه‌ویش به هه‌مان شێوه نیگه‌رانى و بێ ده‌سه‌ڵاتى خۆى نیشاندا، كه گوایه ئه‌مه سه‌رپه‌رشتیارى ئه‌وقافی سلێمانى یارى به برِیاره‌كه‌ى وه‌زیر كردووه، له كاتێكدا كه نووسراوه‌كه واژووى به‌رِێوه‌به‌رى ئه‌وقافی پێوه‌یه!!
له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه كاروبارى داموده‌زگا ره‌سمییه‌كان چه‌نده بێ ده‌سه‌ڵاتن و حیزب و كه‌سانى تر خاوه‌ن برِیارن، ئومێده‌وارم ئه‌م دیارده ناشارستانی و نایاساییه به‌ره‌و كۆتایى برِوات، چونكه له هه‌ر وڵات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا یاسا سه‌روه‌ر نه‌بێت و بێ جیاوازى له‌ناو تاكى ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا پیاده نه‌كرێت، ئه‌وه نیشانه‌ى دواكه‌وتن و ژیانى پرِ له گێره‌شێوێنییه .
÷: ئایا مامۆستا داواى یاساییت له دادگا تۆمار نه‌كردووه؟
+ نه‌خێر، چونكه گومانم له‌وه نییه كه یاسا و دادگا ناتوانێت بێلایه‌نیى خۆى بپارێزێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه هیچ داوایه‌كى یاساییم تۆمار نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر بمزانیایه وه‌ك وڵاتانى پێشكه‌وتوو گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتدار یاساكانى هاتوچۆ جێبه‌جێ ده‌كات، هه‌ركاتێك وڵاتى ئێمه‌ش واى لێهات، ئه‌وه ئاساییه داوای یاسایى تۆمار بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆرمان ماوه..
÷: مامۆستاى به‌رِێز دوا برِیارتان چییه؟ ئایا پابه‌ند ده‌بی به‌و برِیاره‌وه؟
+ نه‌خێر، پابه‌ند نابم پێوه‌ى، به كاربه‌ده‌ستانم راگه‌یاندووه كه جێبه‌جێی ناكه‌م، چونكه واده‌زانم ئه‌وه‌ش مافێكى ترم پێشێل كراوه، جارێ چاوه‌رِێی برِیاره‌كانى به‌رِێز وه‌زیرى ئه‌وقاف و به‌رِێوه‌به‌رى ئه‌وقافی سلێمانى ده‌كه‌م، كه ئومێده‌وارم چیتر ئه‌و مافه‌م پێشێل نه‌كرێت، ئه‌گه‌رنا.. ناچارم به شێوازێكى تر راستییه‌كان رابگه‌یه‌نم.
÷: مامۆستا لێره‌وه پرسیارێك دێته پێشه‌وه، به‌رِێزت وتت شێوازێكى تر ده‌گرمه به‌ر، مه‌به‌ستت چی بوو رێگه‌ى تر ده‌گرمه به‌ر؟ چی ده‌كه‌یت؟
+ زۆر شت هه‌یه بكرێت، به‌ڵام له به‌شی یه‌كه‌مدا سازدانى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى و پێشكه‌شكردنى داوایه‌ك له رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و هه‌وڵدان بۆ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌رِێز سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى هه‌رێم و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانى تر و پێشكه‌شكردنى سكاڵایه‌ك بۆ یه‌كێتى زانایانى جیهانى، كه وه‌ك ئاماژه‌م پێ كرد ئه‌ندامم له‌و رێكخراوه جیهانییه‌دا و، سكاڵانامه‌یه‌ك بۆ په‌رله‌مانى نوێى كوردستان.
÷: مامۆستا ئێمه شتێكمان نه‌ماوه، گه‌ر به‌رِێزت دوا وته‌ى خۆت بۆ خوێنه‌رانى رۆژنامه‌كه‌مان بخه‌یته روو؟
+ له كۆتاییدا زۆر سوپاسی رۆژنامه‌ى یه‌كگرتوو ده‌كه‌م، كه ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ى بۆ ره‌خساندم له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا تیشكێك بخه‌مه سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌م كه خه‌ریكه ساڵێكى به‌سه‌ردا تێده‌په‌رِێت و تا ئێستا هه‌ر له كاره‌كه‌م دوور خراومه‌ته‌وه. جێی خۆشیه‌تى له رێى رۆژنامه‌كه‌ى به‌رِێزتانه‌وه سوپاسی هه‌ندێك له زانایانى ئاینى و شێخانى ته‌ریقه‌ت و سه‌رۆك هۆزه‌كان و كه‌سایه‌تی و زۆرێك له‌و هاووڵاتیانه‌ى كه له هه‌نده‌ران ده‌ژین و دانیشتوانى شارى سلێمانى به گشتى و به‌تایبه‌ت گه‌رِه‌كى زه‌رگه‌ته، كه هاوغه‌مى من بوون و به‌گوێره‌ى تواناى خۆیان هه‌وڵى گه‌رِانه‌وه‌ى منیان داوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه گوێیان بۆ نه‌گیرا و هه‌وڵه‌كانیان بێ ئه‌نجام بوو، دووباره سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته و سه‌ركه‌وتوو بن.
|
|
|
|